top of page

زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر نەخۆشیی سیل

  • پزیشكی
  • Aug 12, 2016
  • 2 min read

زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر نەخۆشیی سیل

‫نەخۆشی ‫سیل چییە ؟ ئەم نەخۆشییە بەهۆی بەکتریایەکەوە توشی مرۆڤ دەبێت، کە پێی دەوترێت (Mycobacterium Tuberculosis)، کە دەتوانێت لەڕێی لیمفە گرێکان و سوڕی خوێنەوە بۆ ئەندامە جیاوازەکانی لەش بڵاوبێتەوە. باوترین ئەندامیش کە توشدەبێت سییەکانن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئەم بەکتریایە لە سییەکانیاندا هەیە، هەرگیز نیشانەکانی نەخۆشییان لەسەر دەرناکەوێت، چونکە بەهۆی بەرگریی لەشی مرۆڤەوە بەکتریاکە تەواو بێ چالاکی دەمێنێتەوە. لە کاتی لاوازبوونی بەرگریی لەش، وەک بەتەمەنەکان یاخود توشبوون بە نەخۆشیی ئەیدز، بەکتریاکە چالاک دەبێتەوە. لەو ئەندامانەی کە نەخۆشییەکەی تێدایە، بەکتریاکە شانە و خانەکان دەکوژێت. ئەگەر نەخۆشەکە چارەسەر وەرنەگرێت، ئەوا دەبێتە هۆی مردن. ‫‏نیشانەکانی نەخۆشی سیل ‫‏چین؟ ئەگەر نەخۆشیی سیل چالاک بێت، نیشانەکانی بریتی دەبن لە: • هەستکردن بە ناتەواوی و نەخۆشی. • کۆکە، لەوانەیە خوێنی لەگەڵ بێت. • بێ هێزی. • تەنگە نەفەسی. • دابەزینی کێش. • تا. • ئارەق کردنەوە لە شەودا. • ئازاری سنگ لەکاتی هەناسەداندا.

ئەو هۆکارانە چین کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکەن؟ • ئەگەر لەگەڵ کەسانی تووشبوودا بیت. • کاتێک سەردانی ئەو ناوچانەت کردبێت کە نەخۆشیی سیل باوە تێیدا وەکو ئاسیا و ئەفریقا و ئەروپای ڕۆژهەڵات. • کارکردن یان ژیان لەو شوێنانەی کە نەخۆشییەکە باوە تێیدا، وەکو زیندان و شوێنی مانەوەی کەسانی بێ ماڵ و دەرامەت. • ئەو کەسانەی لە کەرتی تەندروستی کاردەکەن و بەرکەوتنیان دەبێت لەگەڵ نەخۆشی تووشبوو بە سیل. • کەسانی توشبوو بە نەخۆشیی (HIV/AIDS) ئەیدز. • کەسانی ئالودە بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە ڕێی دەرزییەوە.

ئەی کەی سەردانی پزیشک بکەم؟ • کاتێک نیشانەکانی نەخۆشییەکەت تێدا بەرجەستەبوو یاخود پاش بەرکەوتنت لەگەڵ کەسێکی تووشبوودا.

چۆن خۆم بپارێزم لە تووشبوون بە نەخۆشیی سیل؟ نەخۆشیی سیل بە ئاسانی دەگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی خۆت بپارێزیت: • ماوەیەکی درێژ لەو ژوورە داخراوانە دا مەمێنەرەوە کە کەسانی توووشبووی تێدایە، ئەگەر نەخۆشەکە ماوەی دوو هەفتە کەمتر بێت کە چارەسەری پێویستی دەست پێکردبێت. چونکە دوای دوو هەفتە لە بەکارهێنانی دەرمان، ئەوکات مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە ڕێی کۆکەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات. • بەکارهێنانی ڕێگاکانی خۆ پاراستن وەکو ماسک بۆ پێچانی دەم و لوت، بۆ ئەو کەسانەی کاردەکەن لەگەڵ کەسی تووشبوودا. • ئەگەر لەگەڵ کەسێک دا دەژیت کە نەخۆشیی سیلی هەیە، یارمەتیی بدە و بەردەوام وشیاری کەرەوە کە دەرمانەکان لە کاتی خۆی دا بخوات بەو شێوەیەی بۆی نوسراوە.

کوتان دژی نەخۆشیی سیل سوودی هەیە؟ ئەو کوتانەی منداڵان وەری دەگرن لەسەر شانیان، لە تووشبوون بە توندترین باری نەخۆشییەکە بۆ سییەکانیان، دەیان پارێزێت .

Comments


RECENT POSTS
SEARCH BY TAGS
ARCHIVE
bottom of page