نه خوشى تالاسيميا چییە و نیشانەکانى چین؟
- پزیشكی
- Aug 12, 2016
- 2 min read
نه خوشى تالاسيميا تالاسیمیا چییە و نیشانەکانى چین؟ ئایا دەکرێت خۆمان لە نەخۆشیەکە بپارێزین؟

نەخۆشى تالاسیمیا بەپێى پێناسەى پەیمانگاى نیشتیمانى ئەمریکا بۆ دڵ و خوێن و سییەکان، نەخۆشیەکە تووشى خوێن دەبێت و لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان دەگوازرێتەوە واتە بۆماوەییە. بەهۆى نەخۆشیەکەوە جەستەى مرۆڤ کەمترین خرۆکەى سورى خوێن و هیمۆگڵۆبین بەرهەم دەهێنێت کە بەرپرسە لە گواستنەوەى ئۆکسجین بۆ سەرجەم ئەندامانى جەستە،هەروەها گواستنەوەى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن لە جەستەوە بۆ سییەکان. ئەم نەخۆشییە هەردوو رەگەز تووشى دەبن، بەتایبەتیش ئەو کەسانەى لە ناوچە کەناراوەکانى دەریاى سپى ناوەڕاست و ئیتاڵیا و یۆنان و باشورى ئاسیا و ئەفریقیا لەدایک دەبن.
نیشانەکانى نەخۆشى تالاسیمیا یەکێک لەنیشانەکانى تالاسیمیا ئەوەیە کە بەهۆى کەمى خوێن لە جەستەى مرۆڤ دا کەسى توشبوو هەست بە هیلاکى دەکات چونکە ماددەى ئاسن لە جەستەى مرۆڤ دا بەهۆى کەمخوێنیەوە کەمدەبێتەوە. ئەگەر ئەو کەسە توشى تالاسیمیا لەجۆرى مامناوەند بووبێت ئەوا بەدەست دواکەوتنى گەشە و باڵغ بوونەوە دەناڵێنێت، بەهەمانشێوەش گەشەى منداڵ دوادەخات، ئەگەر نەخۆشیەکە لە کەسى تووشبوودا پەرەبسەنێت ئەوا پێویستە سپڵى ئەو کەسە دەربهێندرێت. ئەو کەسانەى تووشى تالاسیمیا دەبن لە دووەم ساڵى تەمەنیاندا دەردەکەوێت و هەر لەو کاتەشەوە بەدەست کەمى خوێنەوە دەناڵێنێت و هەندێک لە نەخۆشەکانیش دەبێت خوێنیان بۆ بگۆڕدرێت یان بەردەوام خوێنیان تێبکرێت.
چارەسەرى نەخۆشى تالاسیمیا هەرچەندە لەگەڵ پێشکەوتنى زانستدا چارەسەرى ئەو نەخۆشییە دۆزراوەتەوە، بەڵام دەبێت کەسانى توشبوو تا کۆتایى تەمەنیان پەیوەست بن بەچارەسەرەکەیانەوە، بۆئەوەى ژیانێکى ئارام و تەمەنێکى زیاتریان هەبێت. پەیمانگاى نیشتیمانى ئەمریکا بۆ دڵ و خوێن و سییەکان رایگەیاندووە:تا ئێستاش تەنها چارەسەرى تالاسیمیا ئەوەیە بەبەردەوامى کەسى توشبوو خوێنى تێبکرێت، بەوشێوەیەش ئەو کەسە خوێنى تەندروستى پێدەگات و هیمۆگڵۆبینى سروشتى بۆ جەستەى دەگەڕێتەوە. ئەو کەسانەى توشى تالاسیمیا بوون بەهۆى ئەوەى بەردەوام خوێنیان بۆ دەگۆڕێت، ڕێژەى ئاسن لەخوێنیاندا زۆر دەبێت کە ئەوەش زیان بە دڵ و جگەر دەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە چارەسەرى بەردەوام وەربگرن.
خۆپاراستن لە تالاسیمیا ناکرێت خۆمان لە تالاسیمیا بپارێزین چونکە ئەو نەخۆشیە بۆماوەییە، بەڵام دەکرێت دایکان و باوکان پێش ئەوەى منداڵیان ببێت چەند پشکنینێک ئەنجام بدەن بۆ ئەوەى نەخۆشیەکە ئاشکرا بکەن.
Comentarios