قهبزی و هۆکارەکانی قەبزی
- پزیشكی
- Aug 12, 2016
- 3 min read

قهبزی و هۆکارەکانی قەبزی
نەخۆشی قەبزی، ناوە پزیشكییەكەی Constipation ە، ئەو نەخۆشییە، كە پەیوەندی بە ناڕێكی جوڵەی ریخۆڵەكانەوە هەیە، هەندێجار حاڵەتە و هەندێجاریش نەخۆشییە. ئێستا یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكان لە جیهاندا كە دەبێتە هۆی گیرانی رێگەی تێپەڕبوونی پاشماوە خۆراكییەكان بۆ دەرەوەی لەش، ئەوەش ئازارێكی زۆر دروستدەكات و كاریگەری خراپ لەسەر باری دەروونی كەسەكە دروستدەكات لەكاتی ژەمەكاندا. ئەگەر كەسێك بۆ ماوەی 6 مانگ زیاتر ئەم نەخۆشییەی هەبوو، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی یەكێكبێ لەو هۆكارانەی نەخۆشییەكە دروستدەكەن، ئەوا كەسەكە نەخۆشی قۆڵۆنی هەیە، كە یەكێكە لە هۆكارە زۆر باوەكانی قەبز بوون.
بەشێوەیەكی گشتی هۆكارەكانی قەبزی بریتین لە: -كەمی ئەو خواردنانەی ریشاڵی زۆریان تێدایە، هەروەها كەمی خواردنەوەی شلەمەنییەكان و سەوزە و میوە. - كاریگەرییە خراپەكانی هەندێك دەرمان قەبزی دروستدەكەن وەك دەرمانی دژە خەمۆكی و ئەو دەرمانانەی دەرهاویشتنی شلە لە لەشدا زیاد دەكەن، هەروەها دژە هەستیارییەكان و دەرمانی دژ بە كەشەنگ بوونی ماسوولكەكان. - هەندێك جۆری نەخۆشی هەرس و رژێنەكان دەبنە هۆی دروستكردنی ئەو نەخۆشییە وەك زیادبوونی رێژەی كالسیۆم لە خوێنداو هەروەها زیادبوونی دەردانی رژێنی نەخامە رژێن و هتد.. - مایەسیری و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك قۆڵۆن. - هێشتنەوەی پاشەڕۆ جا لەبەر ترس بێ یان ئازار یان بەهۆی تەمبەڵی، یاخود بەهۆی سەرقاڵبووەنەوە بێ. - خراپی باری دەروونی لە كاتی بوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبێتە هۆی دروستكردنی قەبزی. دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دوور نین لەو نەخۆشییە، هەرچەندە ئامارێكی دروست لەبارەی نەخۆشییەكە لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشكان و خاوەن دەرمانخانەكان خەڵكێكی زۆر رۆژانە داوای چارەسەری ئەم نەخۆشییە دەكەن. پزیشكێكی هەناوی هۆكاری زۆری ئەم نەخۆشییە گەڕاندەوە بۆ تەمبەڵبوونی خەڵك و زۆری هاتووچۆكردن بە ئۆتۆمبێل و دووركەوتنەوە لە بە پێ رۆیشتن كە ئەوەش جوڵەی ریخۆڵەكان كەمدەكاتەوە، هەروەها زیاد خواردنی گۆشت و كەمخواردنی سەوزەو میوەو شلەمەنییەكان. یەكێك لەخاوەن دەرمانخانەكانی شار رای گەیاند رۆژانە خەڵكێكی زۆر داوای دەرمانی چارەسەركردنی قەبزی دەكەن و گوتیشی زۆربەیان بە تەمەنن و ژمارەیەكی كەم لە گەنجان داوای دەكەن. یاریدەدەرێكی پزیشكی كە نۆرینگەی لاكۆڵانی هەیە دەڵێ "دوای حەبی سەرئێشە و هەوكردن زۆرترین خەڵك داوای دەرمانی چارەسەری قەبزی دەكەن". یەكێك لەو نەخۆشییانەی، كە دەكرێ قەبزی دروستی بكات مایەسیریە، دەربارەی ئەوەی ئایا نەخۆشی قەبزی مایەسیری دروستدەكات یان بە پێچەوانەوە دكتۆر فەزلەدین نەسرەدین، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی گوتی دەتوانین بڵێین مایەسیری، قەبزی دروستدەكات و هەندێجاریش بەپێچەوانەوە بەهۆی زۆر مانەوەی نەخۆشییەكە لە شوێنی پاشەڕۆكردن مایەسیری دروستدەبێ، بەڵام هەندێكجار بوونی ناتەواوییەك لە كۆمدا وادەكات كەسەكە ترسێكی هەبێ لە پاشەڕۆ دەرهاویشتن و ئەوەش قەبزی دروستدەكات. هەندێكجار تەمەن و هەندێكجاریش جۆری خواردن ئەو حاڵەتانە دروستدەكەن. سەبارەت بە چارەسەریش ئەو دكتۆرە گوتی "وەرزشكردن بێجگە لەوەی بۆ زۆر نەخۆشی دیكە باشە، چارەسەرێكی باشە بۆ ئەوانەی قەبزییان هەیە". نەخۆشی قەبزی یەكێكە لە باوترین ئەو كێشە هەرسیانەی لە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا هەیە، لە راپۆرتێكدا كەمی چالاكییەكانی لەش و هەروەها زیادبوونی تەمەن بە جیا بەهۆكاری ئەو نەخۆشییە دانراون. * خۆپاراستن قەبزی یەكێكە لەو نەخۆشییانەی خۆپاراستن لێی ئاسانترە لە چارەسەركردنی، خۆپاراستنەكەشی بریتییە لە جوڵان و بەپێ رۆیشتن، وەرزشی رۆژانە، خواردنەوەی ئاو و خواردنی سەوزەو میوە، دەرهاویشتنی پاشەڕۆ لەكاتی خۆیدا و دوانەخستنی. چارەسەر چارەسەری سەرەكی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە زیادكردنی رێژەی خواردنەوەی شلەمەنی و خواردەمەنییە ریشاڵییەكانی وەك سەوزەو میوە. هەندێك دەرمانی پزیشكیش چارەسەرن، بەڵام زۆر بەكارهێنانیان جوڵەی ئاسایی ریخۆڵەكان سست دەكەن، بەكارهێنانی دەرمانیش لەشێوەی شافدا تەنیا كاریگەری بۆ سەر پاشەڕۆی ناو كۆم هەیە، بێ ئەوەی كار بكاتە پاشەڕۆی ناو ریخۆڵەكان. قەبزی لە جیهاندا - %12 ی دانیشتووانی هەموو جیهان نەخۆشی قەبزییان هەیە. - %3ی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نۆرینگەی پزیشك دەكەن كێشەی قەبزییان هەیە. - ساڵانە تەنها لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا خەڵك 6.9 ملیار دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەبزی خەرجدەكەن. - زیاتر لە 4 ملیۆن كەس تەنها لە ئەمریكادا كێشەی قەبزییان هەیە.
Comments